هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی شاکر بێهروز، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن لقی یەکی دادگای باڵای ئێران

سزای سێدارەی شاکر بێهروز، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئورمیە، لەلایەن لقی یەکی دادگای باڵای وڵاتی ئێران هەڵوەشایەوە و ئەو دادگایەی کە سزاکەی دەرکردب

٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٢:٣٧


هەنگاو: دووشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢

سزای سێدارەی شاکر بێهروز، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئورمیە، لەلایەن لقی یەکی دادگای باڵای وڵاتی ئێران هەڵوەشایەوە و ئەو دادگایەی کە سزاکەی دەرکردبوو، گەڕێندرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەوتووی ڕابردوو دوای وەرگرتنی داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی شاکر بێهروز، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئورمیە، سزای سێدارەی ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای باڵای وڵاتی ئێران هەڵوەشێندرایەوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بۆ ئەو دادگایە کە سزاکەی بەسەردا سەپاندبوو، گەڕێندرایەوە.

لە بەشێک لە دادنامەی دەرکراو لەلایەن دادگای باڵای وڵاتی ئێران هاتووە کە "بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ناوبراو دوای سێ مانگ ئەندامیەتی لەناو حیزبی دێموکرات بەویستی خۆی گەڕاوەتەوە وڵات خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات ناساندووە و ئەمەش سەلمێنەری دەست لە کارکێشانەوەیەتی لە ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە ناوبراو لەکاتی دەستگیری چەکدار نەبووە، هەربۆیە تۆمەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەک لەلایەن دادگای تاوانەکان بە بێتاوانی بەسەریدا سەپێندراوە. بەم پێیەش ئەو کارەی کە تۆمەتبار پێی مەحکوومە بەپێی مادەی ٢٨٧ی یاسای سزا ئیسلامییەکان ناگرێتەوە و پێداچوونەوە و تانەدەر بەپێی بەندی ئەلف و پێ لە مادەت ٤٦٤ی یاساکانی ئایینی دادڕەسی تاوانەکان دەخرێتە پێداچوونەوە و بەپشت بەستن بە بەندی ب لە مادت ٤٦٩ی هەمان یاسا دەنگی دەرچوو بۆ ئەو سزایە هەڵوەشاوەیە و بۆ پێداچوونەوە بۆ دادگای یەکەم کە ئەو سزایەی بەسەریدا سەپاندووە دەنێرێتەوە.


شاکر بێهرووز خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بەهاری ٢٧٢٠ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

شاکر بێهرووز خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو سزایە سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە بە تۆمەتی "بەغی" لەرێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە. دواجار ئەم سزایە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە.


دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لایەنی سکاڵاکەر لە سکاڵای خۆیان پاشگەز بوونەوە، ئەم دۆسیەی ناوبراو کۆتایی پێ هات و شاکر بێهرووز هەر ئەو ڕۆژە کە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە