شاکر بێهرووز گەڕێندرایەوە بۆ بەندی سیاسی

شاکر بێهرووز بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ئورمیە کە کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆی دوێنێ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی

٩ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٦:١٥


هەنگاو: پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

شاکر بێهرووز بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ئورمیە کە کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆی دوێنێ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کرابوو، کاتژمێر ٣: ٣٠ی نیوەڕۆی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ گەڕێندرایەوە بۆ بەندی سیاسی.

بەگوێرەی بەڵگەیەک لە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، لایەنی سکاڵاکەری یەکێک لە دۆسیەکانی شاکر بێهرووز ئەمڕۆ لە دەفتەرخانەی فەرمیی بەڵگەنامەکانی ٨٤ی سیلوانای ئورمیە حازر بووە و لە سکاڵاکەی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ڕەزامەنی تەواو و بێمەرجی خۆمان تۆمار دەکەین و لە بواری یاسایی و تاوانەکانیشەوە لێی خۆش دەبین و لە داهاتووشدا هیچ جۆرە سکاڵایەکمان لە سەر شاکر بێهرووز نابێت.

سەرەڕای لێخۆشبوونی لایەنی سکاڵای یەکێک لە دۆسیەکانی شاکر بێهرووز، هێشتا ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە مەترسیی سێدارەی لە سەرە و بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکان کە بە هەنگاو گەیشتووە، سزای سێدارەی شاکر بێهرووز دوای ئەوەی تۆمەتەکەی گۆڕاوە ئەمجارەیان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی» بەغی «لەڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران «دەرچووە و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ لە ناو بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.


جێگای ئاماژەیە کە شاکر بێهرووز پێشتر بە تۆمەتی بەغی لەڕێگەی ئەندامەتی لە کۆمەڵە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو کە ئەم سزایە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بەڕێ کرابوو.


شاکر بێهرووزی خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بەهاری ٢٧٢٠ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

شاکر بێهرووزی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو سزایە سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە بە تۆمەتی "بەغی" لەرێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە. دواجار ئەم سزایە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە. دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لایەنی سکاڵاکەر لە سکاڵای خۆیان پاشگەز بوونەوە، ئەم دۆسیەی ناوبراو کۆتایی پێ دێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە