چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری بانە سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا

پەروین عەبدوڵڵاپەنا، یەکێک لە چالاکانی شاری بانە و ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکەی دابینکردنی پێداویستیی کرێکارانی بیناسازی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری

٦ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٦:٢٣


هەنگاو: سێشەممە، ۶ی بەفرانباری ٢٧٢٢

پەروین عەبدوڵڵاپەنا، یەکێک لە چالاکانی شاری بانە و ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکەی دابینکردنی پێداویستیی کرێکارانی بیناسازی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پەروین عەبدوڵڵاپەنا، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکەی دابینکردنی پێداویستیی کرێکارانی بیناسازی و یەکەی فرۆشیارانی قاڵیی دەستچن لە شاری بانە، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز کە بنکەکەی لە شاری بانەیە، سەرجەم سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ئەو سزایە کە بە سەرۆکایەتیی دادوەر میرزایی بەسەر ئەو پەروین عەبدوڵڵاپەنا سەپاوە، ناوبراو بە ٢ مانگ بەندکران و ۶ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ سزا دراوە و ئەو سزایە بەفەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

پەروین عەبدوڵڵاپەنا، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، پاش ۵۵ ڕۆژ مانەوە لە گرتنگەی ناوەندە حکومەتییەکان، بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازیی حکومەت لە شاری سنە و بە شێوەی کاتی، تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییەی خەڵکی شاری بانە، ڕۆژی سێشەممە، ۶ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ هاوکات لەگەڵ ٧ چالاکی دیکەی شاری بانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەت لەو شارە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە کە پەروین عەبدوڵڵاپەنا لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە