ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر ڕفاندنی ١٣٠ منداڵ لە کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نزیک بە ٨٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستاندا زیاتر ٣٠

١٤ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٤:٢٢


هەنگاو: دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نزیک بە ٨٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستاندا زیاتر ٣٠٠ قوتابی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ١٣٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

لە کۆی ئەو ١٣٠ کەسەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، ٢٧ کەسیان کچ و ١٠٣ کەسیشیان کوڕ بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی منداڵانی ڕفێندراو لە شاری سنە تۆمارکراوە کە ١٧ حاڵەت بووە. لە شاری جوانڕۆ ١٥ حاڵەت و لە شاری سەقزیش ١٤ حاڵەت تۆمار کراوە.

تیمی یاساییی هەنگاو بەردەوام بەدواداچوون بۆ بارودۆخی منداڵە ڕفێندراوەکان دەکات کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون. بەپێی دوایین ڕاپۆرت و زانیارییەکان، ژمارەیەک لەو منداڵە ڕفێندراوانە پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ و چەند حەوتە لە ناڕوونیی چارەنووسیان و بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە و پاشانیش کۆمەڵێکیان بە بارمتە ئازاد کراون. بەڵام لەم پێوەندییەدا هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو منداڵانە لە بارودۆخێکی نەگونجاو و هەستیاردان و لەگەڵ هیچ کەسدا قسە ناکەن و بەتەواوەتی تووشی گۆشەگیری و کێشەی دەروونیی بوون. هەروەها وەرگرتنی لێدوانی ئەو منداڵانە و بنەماڵەکانیان لەڕادەبەدەر دژوار و زەحمەتە.

شایانی باسە کە ئەو منداڵانە بە هۆکاری بارودۆخی نائاسایی و هەستیار لە سیستەمی یاسایییەکاندا تەنانەت لە کاتی تاوانباربوونیاندا لە پێوەرە و ڕێساکانی پاڵپشتیی تایبەت بە بەدواداچوون بەهرەمەند دەبن.

ئەو پێوەر و ڕێسا دادوەری و یاسایییەکانی پاڵپشتی بریتین لە؛ بەرتەسککردنی کەسی دەستبەسەرکراو پێش لە دادگاییکردن، دەستپێڕاگەیەشتنی خێرا بە بنەماڵەی کەسی دەستبەسەرکراو، قەدەغەبوونی هەر جۆرە گوشارێکی جەستەیی و دەروونی، دەستپێڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاسایی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری گونجاوی منداڵان.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە زۆربەی حاڵەتەکانی ڕفاندنی منداڵان لێپرسینەوە و لێکوڵینەوەیان لێ دەکرێت و هیچ کامێک لەو مافە یاسایییانەی منداڵان کە ئاماژەیان پێ کرا، بۆیان ڕەچاو ناکرێت.

ئەو منداڵانە تەنانەت لە پێداویستییە گشتییەکانی کاتی دەستبەسەربوون کە بۆ کەسێکی بەتەمەن لەبەرچاو دەگیردرێت، وەکوو ئاگادار کردنەوەی بنەماڵە، پشکنینی پزیشکی، دەستپێڕاگەیشتن بە پێداویستییە یاسایییەکان بۆیان لەبەرچاو نەگیراوە و لەو مافە سەرەتایییانەش بێبەش و بێبەری کراون.

بەپێی کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە و بەپێی ماددەی ٩ی یاسای مەدەنی لە حوکمی مافی ناوخۆیی، دەستبەسەرکراو پێش لە دادگاییکردن دەبێت وەکوو دوایین هەوڵ و لە کاتی پێویستدا دەبێت پەنای بۆ ببردرێت. لەم ڕاستایەدا مافی ناوخۆییی کۆماری ئیسلامییش ماددەیەکی هاوشێوەی لە ماددەی ٢٨٧ی یاسای ئاییننامەی دادگاییکردنی تاوانبار ئاماژەی پێ کراوە. کەواتە بە پشتبەستن بەم ماددانە سپاردنی منداڵ و مێرمنداڵ بە دایک و باوک یان سەرپەرەست یاسایییە و دەستبەسەرکردن لە کاتی لێکوڵینەوە و لێپێچینەوە سەرەتایییەکاندا بەپێی پێویست و لە بارودۆخی جیاواز و تایبەتدا بانگ دەکرێن.

پێشێلکردنی پێڕاگەیشتنی دادوەر بە سکاڵا یان هۆکاری گیران لەلایەن دادوەری تایبەتی منداڵان قۆناغیک پێش لە دادگاییکردن نەبووە، بەڵکوو پرس و مژاری دادگاییکردنی گونجاو بۆ منداڵان و مێرمنداڵان لە قۆناغی دادگاییکردندا تەشەنەی کردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو؛ تاکوو ئێستا دۆسیەی کۆمەڵێک لەو منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی نێردراون.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، منداڵان لە تاوانباربوونیاندا و بەپێی دەسەڵاتی دادگای شۆڕش دەبێت لە دادگای تاوانەکاندا دادگایی بکرین و هەموو مافێکی تایبەتیشیان هەبێت. بەڵام لە زۆربەی ئەم دۆسییانەدا بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ دادگای شۆڕش کە دادگایەکی تایبەتە و هیچ پێڕاگیشتنێکی دادپەوەرانەی نییە، نێردراون.

تیمی یاساییی هەنگاو، وێڕای بەردەوامبوون و درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکانی لەم پێوەندییەدا، لەم ڕاستایەدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە منداڵان دەردەبڕێت.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە سەرەڕای ئاشکراکردنی ناسنامەی ١٣٠ منداڵی ڕفێندراو، هەنگاو بەهۆی پاراستنی کەسایەتی و هێڵی تاکەکەسیی ئەو منداڵانە، ناوەکانیان بڵاو ناکاتەوە و تەنیا ئامارێکی گونجاو و جیاواز لەم بارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.



جیاکردنەوەی ئاماری منداڵانی دەستبەسەرکراو و ڕفێندراو بەپێی پارێزگاکان:

پارێزگای سنە؛ ٦٤ منداڵ کە بریتییە لە ١٣ کچ و ٥١ کوڕ

سنە ١٧ کەس، سەقز ١٤ کەس، سەوڵاوا ١١ کەس، دێولان ١٠ کەس، مەریوان ٤ کەس، بیجاڕ ٣ کەس، کامێران ٣ کەس، قوروە ١ کەس و بانە ١ کەس.


پارێزگای ئورمیە؛ ٣٠ منداڵ کە بریتییە لە ٢ کچ و ٢٨ کوڕ

پیرانشار ٧ کەس، مەهاباد ۶ کەس، سەردەشت ۵ کەس، شنۆ ٤ کەس، نەغەدە ۳ کەس، بۆکان ٣ کەس، ئورمیە ۱ کەس و سایین‌قەڵا ١ کەس.


پارێزگای کرماشان ٢٤ منداڵ کە بریتییە لە ٨ کچ و ١٦ کوڕ

جوانڕۆ ١۵ کەس، پاوە ۵ کەس، ڕوانسەر ١ کەس، قەسری شیرین ١ کەس، سونقوڕ و کولیایی ١ کەس و شاباد ١ کەس.


پارێزگای ئیلام ١٢ منداڵ کە بریتییە لە ٤ کچ و ٨ کوڕ

ئابدانان ۶ کەس، ئیلام ٤ کەس، دەڕشار ١ کەس و دێهلۆڕان ١ کەس.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە