ژنێکی دووگیانی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرا

زارا نەبیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد کە ژنێکی دووگیانە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢١:٢٣


هەنگاو: دووشەممە، ۵ی بەفرانباری ٢٧٢٢

زارا نەبیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد کە ژنێکی دووگیانە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢۵ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، زارا نەبیزادە، هاووڵاتیی دووگیانی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە گەڕەکی "بەری مەدرەسە"ی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

شایانی باسە کە شەوی ڕابردوو کۆمەڵێک لە ژنانی ئەو گەڕەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕی.

هەنووکە باری تەندروستیی زارا نەبیزادە کە ژنێکی دووگیانە، لە گرتنگەی ناوەندە حکومەتییەکان لە مەترسیدایە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و باری تەندروستیی زارا نەبیزادە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە