کوژرانی فەرزین مەعرووفی، خەڵکی مەهاباد لە کاتی شادی دەربڕین بۆ دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە ئەمریکا

فەرزین مەعرووفی خەڵکی مەهاباد، کە دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە شوێنە جیاوازەکانی تاران بۆ خۆشحاڵی دەربڕین هاتبوونە سەر.

١١ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٧:٤٨


هەنگاو: هەینی، ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

فەرزین مەعرووفی خەڵکی مەهاباد، کە دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە شوێنە جیاوازەکانی تاران بۆ خۆشحاڵی دەربڕین هاتبوونە سەر شەقام، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرزین مەعرووفی، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی شاری تاران، لە شارۆچکەی ئیکباتان تاران لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرزین مەعرووفی کە دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەمریکا وەک زۆربەی هاووڵاتییانی دیکە بۆ خۆشحاڵی دەربڕین هاتبووە سەر شەقام، بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان سەری پێکرا و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانی چوارشەممە، کەڵانتەری ئیکباتان پەیوەندییان بە بنەماڵەی مەعروفییەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کەبڕۆن تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە و هەر ئەو ڕۆژە لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری تاران ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ناوبراو بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەمی ئەندامانی بنەماڵەکەی بەڕێوەچووە".

شیاوی ئاماژە پێدان کە ناوەندە ئەمنییەکان تەنانەت ئیزنی بەڕێوەچوونی پرسەی سەرەخۆشییان بە بنەماڵەی مەعرووفی نەداوە و بەنێر و پارچە نووسراوەکانی سەر دەرگای ماڵی دایک و باوکی فەرزینیان کۆ کردووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە