گوڵاڵە مورادی سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

گوڵاڵە مواردی، خەڵکی پیرانشار، کە بەهاری ئەمساڵ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆ

٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٠٩:٥٩


هەنگاو: دووشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢

گوڵاڵە مواردی، خەڵکی پیرانشار، کە بەهاری ئەمساڵ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گوڵاڵە مورادی، مانگی ڕابردوو لەلایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی ١ لە شاری مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی عوسمان حاجی حوسێنی" یەکێک لە کادیرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە بە ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوە و بە پشت بەستن بە بەندی ئەلفی مادەی ٣٧ و بەندی ئەلفی مادەی ٣٨ لە یاسای سزا ئیسلامییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە دوو پلە دابەزین بۆ چوار ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانی پێشووی کەمکرایەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە گوڵاڵە مورادی لە ماوەی یەک ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی مرەخەسی بێبەش کرابوو.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، دوای یەک ساڵ و ٧ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

هەنگاو ساڵی ڕابردوو تۆمارێکی دەنگی گوڵاڵە مورادی بڵاو کردەوە کە ناوبراو دەڵێت کە ناچاریان کردووم دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەم دژ بە من و هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دژ بە من دراوە قبووڵ بکەم و دوای هەڕەشەیەکی زۆر ئەو کارەم کردووە و فیلمیان لە من هەڵگرتووە.

گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٨ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی ١٤ ساڵە و تاهیر بەزازی ٢١ ساڵە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ کەسە دوای کوژرانی یەکێک لە کادیرەکانی سوپای پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حوسێنی (خەزووری تاهیر بەزازی) کە دواتر گرووپێک بە ناوی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتییەکی بە ئەستۆ گرت، دەستبەسەر کرابوون.

جێگای باسە کە سەفیە مامووشی پوور هاوژینی ئەو کادیرەی سوپای پاسدارانیش هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوو کە دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە