گوڵاڵە مورادی دوای ساڵێک بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی ژنی خەڵکی پیرانشار دوای زیاتر لە ساڵێک بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١١:٥٥

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی ژنی خەڵکی پیرانشار دوای زیاتر لە ساڵێک بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، گوڵاڵە مورادی بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای یەک ساڵ و ٧ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

گوڵاڵە مورادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراوە.

هەنگاو ماوەیەک پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی گوڵاڵە مورادی بڵاو کردەوە کە ناوبراو دەڵێت کە ناچاریان کردووم دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەم دژ بە من و هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دژ بە من دراوە قبووڵ بکەم و دوای هەڕەشەیەکی زۆر ئەو کارەم کردووە و فیلمیان لە من هەڵگرتووە.

گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٨ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی ١٤ ساڵە و تاهیر بەزازی ٢١ ساڵە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ کەسە دوای کوژرانی یەکێک لە کادیرەکانی سوپای پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حوسێنی (خەزووری تاهیر بەزازی) کە دواتر گرووپێک بە ناوی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتییەکی بە ئەستۆ گرت، دەستبەسەر کرابوون.

گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە.

جێگای باسە کە سەفیە مامووشی پوور هاوژینی ئەو کادیرەی سوپای پاسدارانیش هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوو کە دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە