یەکێکی دیکە لە بریندارانی بەرخۆدانی بۆکان گیانی لە دەستدا

لاوێکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئاوات قادرپوور، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە بەرخۆدانی ئەو شارە بە سەختی بریندار کرابوو، دوای ١٢ ڕۆژ .

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٥:٠٠


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لاوێکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئاوات قادرپوور، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە بەرخۆدانی ئەو شارە بە سەختی بریندار کرابوو، دوای ١٢ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) هاووڵاتییەکەی دیکەی خەڵکی بۆکان بەناوی ئاوات قادرپوور، کە بەهۆی پێکرانی بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان لە نەخۆشخانەی "عارفیان"ی شاری ئورمیە خەوێندرابوو، گیانی لەدەست دا.

هێزە حکومەتییەکان لە خاڵی پشکنینی "ناچیت"، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە کردبوو.

بنەماڵەی قادرپوور، لەدوای ورگرتنەوەی تەرمی ئاوات قادرپوور، لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەز، لە گوندی مەلالەر تەرمی ئەو لاوەیان ئەسپەردەی خاک کرد.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٨ی سەرماوەز، لاوێکی دیکەی خەڵکی بۆکان بەناوی ئیبراهیم شەریفی تەمەن ٢٩ ساڵ، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندارکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی "سید شهدا"ی شاری ئورمیە گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە