سەپاندنی سزای قورس بەسەر مامۆستایانی ئایینی؛ سەیفوڵڵا حوسێنی سزای ١٧ ساڵ بەندکران و ٧٤ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا

سەیفوڵڵا حوسێنی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان، سزای ١٧ ساڵ بەندکردن، ٧٤ زەربە قامچی، ٢ ساڵ دوورخستنەوە

٥ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٣:٥٠


هەنگاو: چوارشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سەیفوڵڵا حوسێنی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان، سزای ١٧ ساڵ بەندکردن، ٧٤ زەربە قامچی، ٢ ساڵ دوورخستنەوەی بۆ ئەردەبیل و داماڵینی بەرگی مامۆستایەتی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە مەکتەب قورئانی کوردستان" سزای ٦ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی لە دژی نیزام" سزای ١٥ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی تەناهی وڵات" سزای ٦ ساڵ بەندکران، "بێ ڕێزی کردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای ٢ ساڵ و شەش مانگ بەندکران، "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای ١٥ مانگ بەندکردن و ٧٤ زەربە قامچی، داماڵینی بەرگی مامۆستایی و ٢ ساڵ دوورخرانەوەی بۆ ئەردەبیل بەسەردا سەپێندرا.


بڕیاری دادگا و سزا سەپێندراوەکان بەسەر سەیفوڵڵا حوسێنی، پێش نوێژی مزگەوتی خاتەمولئەنبیا لە جوانڕۆ ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.


بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردبووە سەر ماڵی سەیفوڵڵا حوسێنی لە جوانڕۆ و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ناوبراویان ڕفاندبوو.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، دەرگای چوونە ژوورەوەی ماڵی سەیفوڵڵا حوسێنیان شکاندووە و خاتوون قادری هاوژینی تەمەن ٦٠ ساڵ ئەم مامۆستا ئایینییەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و لە ئەنجامی توندوتیژی ئەم هێزانە دەستی چەپی خاتوون قادری شکاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە