سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و هاوژینی زارا محەممەدی دەستبەسەرکرا
سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی کامێران، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی
هەنگاو: چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢
سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی کامێران، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی کامێران، لە کاتێکدا بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی، واتا زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شاری سنەی کردبوو، دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لەبەردەستدا نییە و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نادیارە.
سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی "نۆژین"ە.
شیاوی ئاماژە پێدانە، زارا محەممەدی، هاوژینی سەیوان ئیبراهیمی، پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەرکرا و بە هۆی فێرکردنی زمانی کوردی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و لە ئێستا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شار سنە، ماوەی بەندکرانەکەی تێ دەپەڕێنێت.