بەرخۆدانی جەماوەری؛ سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دوو مامۆستای خەڵکی سونقوڕ و کولیایی

دوو مامۆستای کوردی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی سونقوڕ و کولیایی، بە ناوەکانی عەلی حوسێن شەمایلی و کیومەرس واعیزی، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزام

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٣:١٦


هەنگاو: هەینی، ١۶ی بەفرانباری ٢٧٢٢

دوو مامۆستای کوردی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی سونقوڕ و کولیایی، بە ناوەکانی عەلی حوسێن شەمایلی و کیومەرس واعیزی، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاندان و خەڵەتاندنی خەڵک" سەرجەم سزای ١١ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بڕیاری ئەو سزایە ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر"مەسعوود نووری" بەسەر ئەو دوو مامۆستایەدا سەپاوە.

بەگوێرەی ئەو سزایە، کیومەرس واعیزی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاندان و خەڵەتاندنی خەڵک" سزای ۶ ساڵ بەندکران و عەلی حوسێن شەمایلی بە هەمان تۆمەت سزای ۵ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەریاندا سەپاوە.

کیومەرس واعیزی، یەکێک لە چالاکانی ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "امروز غرب" (واتە ئەمڕۆی ڕۆژئاوا) بوو کە پێشتریش چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی حکوومەت لە سونقوڕ بانگهێشت و لێپرسینەوە و تەنانەت هەڕەشەشی لێ کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەلی حوسێن شەمایلی و کیومەرس واعیزی و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

شایانی باسە کە ئەو دوو مامۆستایە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە بەندیخانەی دێزڵ‌ئاوای کرماشان، لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەری و بێبەش کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە