دیداری نوێنەرانی هەنگاو لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٣، هەر یەک لە شلێر باپیری و کاوە حەسەن پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوڕێ لەگەڵ عوسمان کەوکەبی

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١١:٠٦

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٣، هەر یەک لە شلێر باپیری و کاوە حەسەن پوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوڕێ لەگەڵ عوسمان کەوکەبی شاد، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری هامەر، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نوروێژیان کرد و لەلایەن مارتین مۆلێر، ئەندامی بەشی «باکووری ئەفریقا و و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی’’ ئەو وەزارەتە پێشوازییان لێکرا.

عوسمان کەوکەبی شاد لە سەرەتای دیدارەکەدا باسێکی کورت و گشتی لە سەر دۆخی ئێران پێشکەش کرد و هاوکات باسی دەستتێوەردانەکانی ئێرانی لە کاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و حکومەتی ئیسلامیی ئێرانی وەک سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە قەڵەم دا.


پاشان شلێر باپیری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو لە پێشەکییەکدا باسی لە ڕێکخراوی هەنگاو و کار و چالاکییەکان کرد کە وەک ڕێکخراوێکی جێگیر لە وڵاتی نوروێژ بەردەوام هەوڵی داوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێت.

هەر لەو دیدارەدا «کاوە حەسەن پوور» ئەندامی بەڕێوەبەریی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا سەرنجی دایە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کوردستان و ئاماری ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢ی هەنگاو پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە کوشتنی کۆڵبەران، لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد و هاوکات دەستبەسەرکراو و بریندارەکانی شۆڕشی ژینا کرد.


لە باسێکدا بەرپرسی کاروباری ئێران لە بەشی «باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵات ناوەڕاست» ی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ کارەکانی هەنگاوی بەرز نرخاند و هاوکات گرنگییەکی تایبەتی بە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دا.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی بەشی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ باسی لەوە کرد کە ئێمە دەنگمان خستووەتە پاڵ یەکێتی ئەورووپا بۆ دانانی گەمارۆکان دژ بە ئێران. هاوکات باسی لەوە کرد کە وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ هەر بەمەبەستی دۆخی ئێستای ئێران باڵیۆزی ئێرانی بانگ کردووەتە وەزارەتی دەرەوە بۆ باسکردن و لێپرسینەوە لەو بابەتە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە نوروێژ چۆن دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە لەقاودانی کردەوە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و هاوکات بەکارهێنانی چەکی قورس لە کوردستان دژ بە خۆپیشاندەرانی سڤیل کە هەنگاو بە بەڵگە بڵاوی کردووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە