دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی سەپاو بە سەریاندا

دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی محەممەد کەریمی خا و ئیسماعیل کەریمی کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی هەر کامیان

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٣:٠٣


هەنگاو: یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی محەممەد کەریمی خا و ئیسماعیل کەریمی کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی هەر کامیان سزای سێ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و بۆ جێبەجێکردنی ئەم سزایە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد کەریمی خا، تەمەن ٤٢ ساڵ و ئیسماعیل کەریمی تەمەن ٤٤ ساڵ، ڕۆژی شەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٣) دوای بانگکرانیان بۆ ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای بۆکان، دەستبەسەرکران و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترانەوە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکان بەبێ ئامادەبوونی خۆیان، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لەدژی نیزام سزای ٩ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات سزای ٢٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.


بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا واتە سزای ٢٧ مانگ بەندکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.


شیاوی ئاماژە پێدانە کەم ئەم دوو هاووڵاتییە، بۆ ماوەی ١١٤ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسی ڕاگیراون و لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەریبوون.


محەممەد کەریمی خا و ئیسماعیل کەریمی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەرکران و دوای ١١٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی هەتا تەواوبوونی پرۆسەی دادگاییان ئازاد کرابوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە