سەپاندنی سزای دوو ساڵ بەندکردن بەسەر لاوێکی خەڵکی پیرانشار

عەلیڕەزا (ماردین) ڕەسووڵیانپوور تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ ئاژاوەگێڕی بە دژی ئاسایشی نیشتمانی

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٦:٤٧


هەنگاو: سێشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢

عەلیڕەزا (ماردین) ڕەسووڵیانپوور تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ ئاژاوەگێڕی بە دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەزەی ٢٧٢٢ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ ئاژاوەگێڕی بە دژی ئاسایشی نیشتمانی" کە دراوەتە پاڵ عەلیڕەزا ڕەسووڵیانپوور، لە لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، بەڕێوە چوو.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، بەهۆی ئەو تۆمەتەی کە دراونەتە پاڵ عەلیڕەزا ڕەسووڵیانپوور، لەو دادگایەدا سزای دوو ساڵ بەندکران بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.


ئەو سزایە لە کاتێکدا بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپێندراوە کە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش بووە و بڕیاری دادگا لەسەر ئەو سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.


عەلیڕەزا ڕەسووڵیانپوور، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش تێپەڕکردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەکانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پیرانشار، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری نەغەدە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە