منداڵی خەڵکی شنۆ سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان ڕاگیراوە

منداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی ئیحسان محەممەدی و تەمەن ١۶ ساڵ، زیاتر لە ٩٠ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە ڕاگیراوە

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٥:٤٢


هەنگاو: سێشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢

منداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی ئیحسان محەممەدی و تەمەن ١۶ ساڵ، زیاتر لە ٩٠ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە ڕاگیراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی نیگەرانی بارودۆخی تەندروستیی ئەو منداڵە بن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئیحسان محەممەدی، تەمەن ١۶ ساڵ و خەڵکی گەڕەکەی "میراوا"ی سەر بە شاری شنۆ، زیاتر لە سێ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

ئەو منداڵە لە ماوەی تێپەڕکردنی دەستبەسەربوون، لێکۆڵینەوە و ڕاگیرانی لە ناوەندە حکوومەتییەکان، لە مافی سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.

ئیحسان محەممەدی، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە وێڕای تێپەڕکردنی ماوەیەکی دوورودرێژی دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ناوەندە حکوومەتییەکان، لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە و هێشتا دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە