ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی عەبدوڵڵا حەمزە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە؛ ڕێگریی ناوەندە حکوومەتییەکان لە نەشتەرگەریی ناوبراو

دۆخی تەندروستیی عەبدوڵڵا حەمزە، خەڵکی شاری سەردەشت ناجێگیرە. ناوبراو حەفتەی ڕابردوو بەهۆی هێرشی چەکدارانەی هێزە حکوومەتییەکانەوە بە گوللە بریندار

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٣:١٩


هەنگاو: شەممە، ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دۆخی تەندروستیی عەبدوڵڵا حەمزە، خەڵکی شاری سەردەشت ناجێگیرە. ناوبراو حەفتەی ڕابردوو بەهۆی هێرشی چەکدارانەی هێزە حکوومەتییەکانەوە بە گوللە بریندار کراوە و هەنووکە لەلایەن ئەو هێزانەوە بەستراوەتەوە بە قەرەوێڵەی نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئورمیە و ناوەندە حکوومەتییەکان پێشگیری لە نەشتەرگەریی ئەو هاووڵاتییە بریندارە ئەکەن.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عەبدوڵڵا حەمزە، تەمەن ٣۵ ساڵ بەهۆی برینداربوونی کوڵۆک (لگن) بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و وێڕای تێپەڕبوونی چوار شەو و ڕۆژ لە برینداربوونی، تاکوو ئێستا نەشتەگەریی بۆ نەکراوە.


بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئورمیە، ئەو هاووڵاتییە کە بەپێی بڕیاری پزیشک دەبوو ڕۆژی پێنجشەممە، ۶ی ڕێبەندان نەشتەرگەریی بۆ بکرایە، بەڵام تاکوو ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە و ناوەندە حکوومەتییەکان دەستی عەبدوڵڵا حەمزەیان بە قەرەوێڵەی ئەو نەخۆشخانەیە بەستووەتەوە.


هەروەها محەممەد حەمزە، برای عەبدوڵڵا، جیا لەوەی کە دەستی بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزە حکوومەتییەکان بریندارە، دوو شوێنی دیکەی جەستەی بەهۆی لێدانی ئەو هێزانەوە شکاوە.


ئازاد حەمزە، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی حەمزە، گوللە بەر لاقی کەوتووە و هەروەها بەهۆی شووشەی شکاو لەناو ماڵەکەیان کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەوە شکاوە، بەسەختی بریندار بووە.


کاتژمێر ۵ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی چەکدارانەیان کردووەتە ماڵی ئازاد حەمزە و پاش گەمارۆدانی ماڵی ئەو هاووڵاتییە، چوونەتە نێو ماڵەکەی و دواتر محەممەد و عەبدوڵڵا حەمزە، دوو برای دیکەی نابراویان هێناوە ئەوێ و دەستبەجێ ئەو هێزانە تەقەیان لەو سێ هاووڵاتییە کردووە.


بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشووتری هەنگاو، ئەم هێرشەی هێزە حکوومەتییەکان پەیوەندیی بە کوشتنی هێمن حەمزە، برای بچووکتری ئەو سێ هاووڵاتییەوەیە. هێمن حەمزە، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنوور پارێزیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کرا و پاش ئەوەی کە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەردەشت گواستراوەتەوە، گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە