ناڕوونیی چارەنووسی منداڵێک و لاوێکی ڕفێندراوی خەڵکی بۆکان

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لاوێک بە ناوی زەکەریا تەعاقێب و منداڵێک بە ناوی دیار شێخە کە هەردووکیان خەڵکی شاری بۆکان بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانە

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٣:٢٤


هەنگاو: دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لاوێک بە ناوی زەکەریا تەعاقێب و منداڵێک بە ناوی دیار شێخە کە هەردووکیان خەڵکی شاری بۆکان بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) زەکەریا تەعاقێب ، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.

ڕۆژێک پێشتریش واتە ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانبار (٢٧ی دیسەمبەری) مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی دیار شێخە و خەڵکی شاری بۆکان، لە گەڕەکی "مەجبووراوا"ی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

پاش ڕفاندنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هێشتا شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.

بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٦٢ قوتابیی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە