هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا

گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی ئەحمەد ساڵحی چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ه

٦ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٤٤


هەنگاو: پێنجشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی ئەحمەد ساڵحی چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ ( ٢٥ی جەنیوەری ٢٠٢٣ )، گەنجێکی خەڵکی گەڕەکی نایسەری شاری سنە بە ناوی ئەحمەد ساڵحی تەمەن ٣٥ ساڵ چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمەد ساڵحی لە ماڵەکەی خۆیدا بە گومانی هەبوونی ماددەی هۆشبەر دراوەتە بەر لێدان و کوتان و سەرباری ئەوەی هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر لەماڵەکەیدا نەدۆزراوەتەوە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.


ئەو سەرجاوەیە وتیشی کە ئەحمەد ساڵحی بە هۆی لێدانی باتۆم لەسەری گیانی لە دەست داوە و هەر دوێنێ شەو تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گوازراوەتەوە.


هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان خێرا دەستێوەردانیان کردووە و بنەماڵەی ساڵحییان ناچار کردووە کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان ئازاری دڵ ڕابگەیەنن.


تەرمی ئەحمەد ساڵحی ئێوارە ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە، سەلاح ساڵحی برای ئەحمەدی، شەوی پێنجشەممە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی و لە کاتی ئەسپەردەکردنی تەرمی ناوبراو دوای ئەوەی تەرمی براکەی بینیوە و ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیاربووە، ناڕەزایەتی دەربڕیوە کە دەستبەجێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە