ڕاپۆرت؛ بە بارمتەگیرانی منداڵێک لەلایەن هێزەکانی حکومەت لە ئابدانان

منداڵێکی تەمەن ١٦ساڵ بەناوی ئەمیرڕەزا مووسەویان زادە، خەڵکی ئابدانان، نزیک بە دوو مانگە وەک بارمتە لە بەرامبەر خۆبەدەستەوەدانی برا گەورەکەی، ئەمیر حوسێن مووسە

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٠:٣٧


هەنگاو: چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢

منداڵێکی تەمەن ١٦ساڵ بەناوی ئەمیرڕەزا مووسەویان زادە، خەڵکی ئابدانان، نزیک بە دوو مانگە وەک بارمتە لە بەرامبەر خۆبەدەستەوەدانی برا گەورەکەی، ئەمیر حوسێن مووسەویان زادە بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمیرڕەزا مووسەویان زادە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا، دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و هەروا لە بەندیخانە ڕاگیراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئابدانان، بەرپرسانی ئەمنی-دادوەری لە وەڵامی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەمیر ڕەزا مووسەویان زادەدا ڕایانگەیاندووە، کە هەتا ئەمیر حوسێن مووسەویان زادە ڕادەست نەکرێتەوە، ئەم منداڵە لە دەستبەسەرگەدا دەمێنێتەوە.

ئەمیر حوسێن مەوسەویان زادە، دوای دەستبەسەرکرانی لە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بەهۆی ناڕەزایەتی و داوای نووسراوی ژمارەیەک هاووڵاتییانی ئابدانان، ئازاد کرابوو.

دەوترێت، بەرپرسانی ئەمنی، بەمەبەستی دۆسیە سازی بۆ سەپاندنی سزای قورسی ئەمنی بەسەر ئەمیر حوسێن مووسەویان زادە، نووسینێکی ساختەیان بە داوای ئەو هاووڵاتییانە زیاد کردووە و دەیانەوێت تۆمەتی موحارەبەی بەسەردا بسەپێنن.

ئەمیرڕەزا مووسەویان زادە، برای بچووکتری ئەمیر حوسێن، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە وەک بارمتە ڕاگیراوە و هەتا ئێستا بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە