ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە لەسێدارەدانی ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێراندا

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانی کەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەک

١ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٣:٠١


هەنگاو: شەممە، ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانی کەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە شارەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لە سێدارە دراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٥١ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤ حاڵەت واتە ٨٪ زیادی کردووە.


شایانی باسە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی فیرووز مووسالوو و خەڵکی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرجەم پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لانی کە بەپێی پێوەری یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی بێبەری بوو، لە سێدارە درا. بەپێی ئەم بەڵگەنامانەی کە لە بەردەستدایە، ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ملهوڕانە نەیانهێشتووە دۆسیەکەی بنێردرێت بۆ دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی و لە کۆتاییدا لە سێدارەیان داوە.


هەروەها لەو ساڵەدا دوو ژن بە ناوەکانی فەرانەک بەهەشتی و سوهەیلا عابیدی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە شارەکانی سنە و ئورمیە سزاکەیان جێبەجێ کران و لەسێدارەدران.


جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان؛
سیاسی: ١ حاڵەت، ٢ ٪ ی کۆی حاڵەتەکان
کوشتنی بەئەنقەست: ٣٤ حاڵەت، ٥٦٪ی کۆی حاڵەتەکان
تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان: ١٥ حاڵەت، ٢٩ ٪ ی کۆی حاڵەتەکان
دزیی چەکدارانە: ٢ حاڵەت، ٤٪ ی کۆی حاڵەتەکان


بەپێی بەڵگە کۆکراوەکانی تیمی یاساییی هەنگاو، زۆرترین ژمارەی لە سێدارە دراوان لە بەندیخانەکانی ئورمیە و خوڕەم‌ئاوا بووە کە هەر کامیان ٩ حاڵەت تۆمار کراوە.


هەروەها لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام و کەرەج هەر کامیان ٨ حاڵەت، کرماشان ٦ حاڵەت، ئەراک ٥ حاڵەت، سنە ٤ حاڵەت و بەندیخانەکانی حکوومەت لە ئەلیگوودەرز، میاندواو و یەزد هەر کامیان یەک حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە.


 دەزگای دادوەری و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ئامارە ڕاستەقینەکانی لە سێدارە دراوان، لە کۆی ئاماری ٥٢ کەسی لە سێدارە دراو تەنیا ٥ حاڵەتیان بە فەرمی ڕاگەیاندووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە