ڕفاندنی دوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نۆژین و مامۆستای زمانی کوردی

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە حکومەتییەکان بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی نۆژین لە شاری سنە، دوو ئەندامی دیکەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەم ئەنجوومەنە بەناوی س

٢٨ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢١:٢٧


هەنگاو: چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢
لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە حکومەتییەکان بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی نۆژین لە شاری سنە، دوو ئەندامی دیکەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەم ئەنجوومەنە بەناوی سەیوان ئیبراهیمی و سۆما پورمحەممەدی لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سەیوان ئیبراهیمی تەمەن ٢٩ ساڵ، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نۆژین لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە شاری سنە ڕفێندرا.


سەیوان ئیبراهیمی خەڵکی کامێران، پێشتر لە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار لە کاتێکدا بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی سەردانی دادگای سنەی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.


لە لایەکی دیکەوە، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، سۆما پورمحەممەدی تەمەن ٣٣ ساڵ، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نۆژین، لەبەرانبەر لقی دوو لێپرسینەوەی سنە لە کاتێکدا بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، ئیدریس مینبەری سەردانی ئەو شوێنەی کردبوو ڕفێندرا.


ئیدریس مێنبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، نیوەڕۆی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا و لە ئێستادا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە.


پێشتریش، واران محەممەدنژاد تەمەن ٣٣ ساڵ و چالاکی مەدەنی و بەرپرسی لقی سنەی ئەنجوومەنی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا ڕفێندرا و دوای سێ حەوتوو بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا.


ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی، خەڵکی دێولان و بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەری نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا و لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن لقی دوو دادگای تاوانەکان لە شاری دێولان بەتۆمەتی کۆبوونەوە و تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە کردن لە دژی نیزام سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


شیاوی ئاماژە پێدا نە کە زارا محەممەدی بەرپرسی ئەنجوومەنی نۆژین و هاوژینی سەیوان ئیبراهیمی، پێشتر بە هۆکاری فێرکردنی زمانی کوردی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و لە ئێستادا لە ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی شاری سنە ماوەی بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە