ڕفاندنی شەش هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار؛ هێزە حکوومەتییەکان دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە

دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەری وەند و مەحموود قەنبەری وەند، ئەحمەد عەبدوڵڵاپووڕ و کوڕەکەی بەناوی شاهۆ عەبد

٢٨ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٣:١٩


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢

دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەری وەند و مەحموود قەنبەری وەند، ئەحمەد عەبدوڵڵاپووڕ و کوڕەکەی بەناوی شاهۆ عەبدوڵڵاپوور، هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارە بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان و سینا دەشمیر، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣) دوو برای خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوەکانی عەبدوڵڵای قەنبەری وەند، تەمەن ٤٩ ساڵ و مەحموود قەنبەری وەند، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گرووپێکی ٣٥ کەسیی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و وێڕای ئەوەی کە بوونەتە هۆی ترس و نیگەرانی و دڵەڕاۆکێی بنەماڵەکانیان، ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا گرتووە و هەموو مۆبایلەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هاوکات هێزە حکوومەتییەکان باوک و کوڕێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و شاهۆ عەبدوڵڵاپوور لە ماڵی خۆیاندا ڕفاندووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. شایانی باسە کە ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور لە ساڵی ڕابردووشدا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە شاری پیرانشار بە ناوی تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی ئەو شارە، لە دووکانی هاوڕێیەکیدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە. ئەو هێزانە پاش ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەشیاندا گرتووە و مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارە بە ناوی سینا دەشمیری و تەمەن ١٩ ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێنداروە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، نزیکەی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، یەکەیەکی ٥٠ کەسیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سینا و دەرگا و دەلاقەی ماڵەکەیان شکاندووە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بنەماڵەکەی.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر بارودۆخ، دۆخی تەندروستی، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە