ڕفاندنی منداڵانی کوردستان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە؛ لە ماوەی حەفتەیەکدا ١١ منداڵ ڕفێندراون

لە ماوەی حەفتەی دەستێکی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی زایینی، ١١ منداڵ و مێرمنداڵ تەمەن ژێر ساڵ بە ناوەکانی ماهان بابایی، مانی نووری، ئالان وەیسی، ڕامیسن ڕەحیمی، نەوید

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢٣:٠٨


هەنگاو: دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢


لە ماوەی حەفتەی دەستێکی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی زایینی، ١١ منداڵ و مێرمنداڵ تەمەن ژێر ساڵ بە ناوەکانی ماهان بابایی، مانی نووری، ئالان وەیسی، ڕامیسن ڕەحیمی، نەوید مورادی، سەهەند ئاقایی، زانا سەحراگەرد، ڕێبوار نەجەفیان، حیسام محەممەدی‌تەبار، هۆیار زەهابی و بەردیا عەزیزی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ڕفێندراون.

لەو ١١ منداڵ و مێرمنداڵی دەستبەسەرکراوە ٩ کەسیان خەڵکی شاری جوانڕۆن کە لە ڕەوتی دەستبەسەکردنی بەربڵاوی خەڵکی ئەو شارە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لەلایەن هێزە حکوومەییەکانەوە ڕفێندراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، ماهان بابایی، تەمەن ١٤ ساڵ و مانی نووری، تەمەن ١٧ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری جوانڕۆ بوون، لەلایەن هێزە حکوومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراون.


لە لایەکی ترەوە ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، ئالان وەیسی، تەمەن ١۶ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە ڕفێندراوە.


پێشتریش لە ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانبار (٣ی جەنیوەری)، چوار منداڵ و مێرمنداڵی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ڕامسین ڕەحیمی، تەمەن ١۶ ساڵ، نەوید مورادی، تەمەن ١٨ ساڵ، سەهەند ئاقایی، تەمەن ١۶ ساڵ و زانا سەحراگەرد، تەمەن ١۵ ساڵ، لەلایەن هێزە حکوومەتییە جێگیرکراوەکان لەو شارە ڕفێندرابوون و بۆ شوێنێکی نادیارە گواسترابوونەوە.


هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانبار (٢ی جەنیوەری)، ڕێبوار نەجەفیان، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، هۆیار زەهاوی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد و حیسام محەممەدی‌تەبار و بەردیار عەزیزی کە هەردووکیان تەمەنیان ١٨ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ بوون، لە شارەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە