کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

کۆڵبەرێکی لاو و خەڵکی شاری سەوڵاوا بە ناوی ئارمان محەممەدی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری نەوسوود بە هۆکاری کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا. ها

١٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٠:٢٦


هەنگاو: پێنجشەممە، ١۵ی بەفرانباری ٢٧٢٢

کۆڵبەرێکی لاو و خەڵکی شاری سەوڵاوا بە ناوی ئارمان محەممەدی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری نەوسوود بە هۆکاری کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا. هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی پاوە بە ناوی ئارەش محەممەدی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کەوتووەتە بەر لێدان و کوتان و بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێک بە ناوی ئارمان محەممەدی، تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی شاری سەوڵاوا، لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزایییەکانی سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆکاری کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی بریندار بووە و لە کاتی گواستنەوەی ئەو کۆڵبەرە بە بریندارە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان، لە ڕێگەدا گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارمان محەممەدی، خەڵکی شاری سەوڵاوا بووە و لە شوێنێک بە ناوی "سۆفی جانە"ی سنووری نەوسوود لە بەرزایی کەوتووەتەوە خوارەوە.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری پاوە بە ناوە ئارش محەممەدی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕێزانە لێی دراوە و بەم هۆکارەشەوە بریندار بووە.

شایانی باسە کە سەرجەم کەرەستە و کەلوپەلەکانی ئەو کۆڵبەرە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە