مامۆستایەکی ئایینی لە کاتی گواستنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی خۆی ڕفێندرا

مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی گوندی "مارغان"ی سەر بە شاری سەردەشت، لە کاتی گواستنەوەی یارمەتییەکان خەڵک بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی، لەلایەن هێزەکان

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٤:٥٨


هەنگاو: سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی گوندی "مارغان"ی سەر بە شاری سەردەشت، لە کاتی گواستنەوەی یارمەتییەکان خەڵک بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ئورمیە ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ نیمەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، خەڵکی گوندی "مارغان"ی سەر بە شاری سەردەشت، لە بازگەی دەروازەی شاری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە ڕفێندراوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە لە کاتێکدا کاروانێکی یارمەتییەکانی خەڵکی شاری سەردەشت بۆ خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی دەگواستەوە، لە دەروازەی شاری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ڕفێندراوە.


مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پاش ئەوەی کە لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و دۆخی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەرەدەستدا نییە.


چین و توێژە جیاوازەکانی شاری سەردەشت بە مەبەستی ناڕەزایەتی لەسەر ڕفاندنی ئەو مامۆستایە، داوایان لە سەرجەم خەڵکی ئەو شارە کردووە کە ئەمڕۆ لە پێش فەرمانداریی سەردەشتدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.


هەنگاو دوو حەفتە پێش بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند: "ناوەندە حکوومەتییەکان لە شارەکانی کوردستان پێشگیرییان لە کۆکردنەوەی یارمەتیی ئەنجوومەنە خەڵکییەکان و چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی گرتووە و لە ئەگەری کۆکردنەوەی یارمەتیی بۆ خەڵکی لێقەوماوی خۆی، هەڕەشەی دەستبەسەرکران و بەستنی هەژمارە بانکییەکانیان لێیان کراوە."
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە