ئازادیی کاتی نازەنین زەهرا سەروی، خوێندکاری دەستبەسەرکراوی کورد

نازەنین زەهرا سەروی، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای ئەندازیاری لە زانکۆی کوردستان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییانە کە پێشتر بە تۆمەتی ئەمنییەتی تاوانبار

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٠٩:١٦


هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

نازەنین زەهرا سەروی، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای ئەندازیاری لە زانکۆی کوردستان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییانە کە پێشتر بە تۆمەتی ئەمنییەتی تاوانبار کرابوو؛ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٣ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، نازەنین زەهرا سەروی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی بەندیخانەی حکوومەت لە شاری سنە، ئازاد کرا.


ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و باند بە دژی ئاسایشی نیشتمانی" و بەبێ ئەوەی کە ڕێگەی پێ بدرێت بەرگری لە خۆی بکات، دادگایی کراوە.


هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەو تۆمەتانە بە دژی ئەو هاووڵاتییە بەپێی دانپێدانی زۆرەملێی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییانە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە دژی نازەنین زەهرا سەروەری دراونەتە پاڵی ناوبراو.


نازەنین زەهرا سەروی، ڕۆژی هەینی، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان لە ڕۆژی ٢۵ی خەزەڵوەردا بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.


ناوبراو جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە هۆکارێکی ناڕوون ڕفێندراوەتەوە و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی حکوومەت لە شاری سنە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە