ئاشکراکردنی ناسنامەی سێ هاووڵاتیی کورد کە لە خۆپیشاندانەکانی تاران و کەرەج کوژراون

هەنگاو لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا ناسنامەی سێ کەسی بۆ ئاشکرابووە کە لەڕەوتی شۆڕشی ژینادا کوژراون. ناسنامەی ئەو سێ کەسە بریتین لە عەلی ڕەزا حوسێنی، خەڵ

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٥:٢٢


هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

هەنگاو لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا ناسنامەی سێ کەسی بۆ ئاشکرابووە کە لەڕەوتی شۆڕشی ژینادا کوژراون. ناسنامەی ئەو سێ کەسە بریتین لە عەلی ڕەزا حوسێنی، خەڵکی کرماشان، محەممەد ئەمین حەشمەتیان، خەڵکی سونقوڕ و کولیایی و عەلی ڕەزا کاکامحەممەدی، خەڵکی هەرسین.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، (٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) محەممەد ئەمین حەشمەتیان، خەڵکی سونقوڕ و عەلی ڕەزا کاکا محەممەدی خەڵکی شاری هەرسین، کە هەردووکیان دانیشتووی شاری کەرەجن، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژراون.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی محەممەد ئەمین حەشمەتیان، دوای کوژرانی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە زێدەکەی، گوندی "سەهنلە سەر بە شاری سونقوڕ بەخاک نێژرا.


هەروەها، تەرمی عەلی ڕەزا کاکامحەممەدی لەیەکێک لە گۆڕەستانەکانی شاری کەرەخ نێژراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی شێوازی کوژرانی ئەم هاووڵاتییەوە ڕایگەیاند، کە ناوبراو لە کاتێکدا بە سەختی بریندارکرابوو کەوتووەتە بەر لێدان و کوتانی سەختی هێزەکانی حکوومەت.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، عەلی ڕەزا حوسێنی تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر ماڵەکەی، بەتەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە. ئەم هێزانە بە گومانی بەشداری ئەم هاوڵاتییە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و هاوڕێیانی.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا، هەتا ئێستا ١٩ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کەرەج، تاران، قەزوین، هەمەدان و قووچان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە