بەڕێوەچوونی دادگای چەند خولەکیی ١٨ لاوی خەڵکی ئورمیە؛ ڕاگەیاندنی زارەکیی ئەگەری سزای بەندکردن لەلایەن دادوەرەوە

دۆسیەی ١٨ لاوی خەڵکی شاری ئورمیە کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرابوون، لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە و تەنیا لە ما

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:٣٤


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دۆسیەی ١٨ لاوی خەڵکی شاری ئورمیە کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرابوون، لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە و تەنیا لە ماوەی چەند خولەکدا بەڕێوە چووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیاری ئەو دادگایە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵکوو دادوەری دۆسیەکان بە شێوەی زارەکی ئەگەری سزای بەندکردنی ئەو لاوانەی ڕاگەیاندووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە دانیشتنی ئەو دادگایەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١ی فێربیەی ٢٠٢٣) بەڕێوە چووە، ئەمیرحوسێن عەلینژاد، ئەمیرڕەزا نیعمەتی، حوسێن عاشووری، ڕەزا مورادی‌گەجین، سالار نەجەفیزادە، سەید ئەمیرمحەممەد حوسێنی، عەلی ئیبراهیمی، عەلی تابع، گوڵسا بەشیریڕاد، لەیلا عەلوویە، موبین سەفەری، محەممەد عەشقی، محەممەدڕەزا سەیوڵڵازادە، مێهرداد شوجاعی‌ئازەر، نازەنین قەهرەمانی، هادی حەسەنلوو، پووریا ئازەرهۆمایوون و سەمانە فەتحی لاوی تەمەن ١۵ ساڵ، کە وەک تاوانبار ناسێندراون ڕێگەی بەرگریکردن لە خۆیانیان پێ نەدراوە.


بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو لاوانە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ لەتمەدان لە یەکپارچەیی یان سەربەخۆییی وڵات"، "پێکهێنانی گرووپ و باند بە مەبەستی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ڕاهێنانی چاککردنی کوکتل مولوتۆف" و "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" تاوانبار کراون و دادوەر "نەجەفزادە"، دادوەری دۆسیەکان بە شێوەی نافەرمی ئەگەری سەپاندنی سزای "٢ تاکوو ۵ ساڵ بەندکردن" بەسەر ئەو لاوانەدا ڕاگەیاندووە.


ئەو سەرچاوەیە وتی: ئەو دانیشتنە کە لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئورمیە بەڕێوە چوو، بەبێ ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا و تەنیا پێنج خولەک کاتی بە تاوانبارانی دۆسیەکە داوە کە بەرگری لە خۆیان بکەن، دانیشتنەکە کۆتایی پێ هاتووە و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا دانیشتنی دیکەی هاوشێوە لەم بارەیەوە بەڕێوە بچێت.


ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەمیرحوسێن عەلنژاد و ئەمیرڕەز نێعمەتی دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و هاووڵاتییانی دیکە دانانی بارمتەی ۵٠٠ میلیۆن تمەنی دیاری کراوە. ژمارەیەک لەو لاوانە تاکوو ئێستە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و بڕێکیشیان هێشتا لە بەندیخانەدان.


پێشتر ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری ئورمیە، ڕایگەیاندبوو کە ٢۵ هاووڵاتیی ناڕازیی ئەو شارە کە ٨ کەسیان ژنن، دەستبەسەر کردووە و ئەم کەسانەش ئەندامانی گرووپی "لاوانی گەڕەکەکانی ئورمیە" بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە