خەدیجە مەهدیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا

خدیجە مەهدیپوور، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام، لە کاتێکدا پێنج مانگ لە سزای بەندکرانەکەی مابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٥:١٨


هەنگاو: دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

خدیجە مەهدیپوور، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام، لە کاتێکدا پێنج مانگ لە سزای بەندکرانەکەی مابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئیلام ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرت گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی خدیجە مەهدیپوور، خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام لە کاتێکدا لە بەندیخانەی ئیلام ماوەی ٢٠ مانگەی بەندکردنەکەی تێپەڕ دەکرد، بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و بە شێوەیەکی بەپەلە لەو بەندیخانەیە ئازاد کراوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە بەندکراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئیلام، پێش ئەوەی کە ئازاد بکرێت، لەلایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیەوە بە مەبەستی "واژۆکردنی بەڵێننامە" لەژێر گوشاردا بووە و سەرەڕای ئەوەش، ئەو داواکارییەی قەبووڵ نەکردووە و ئەو بەڵێننامەیەی ڕەت کردووەتەوە.


هەنگاو پێشتریش بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند؛ بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام ژمارەی لە بەندکراوانی تاوانبار بە تاوانی توندوتیژانە، هان داوە کە بڕژێنە سەر خەدیجە مەهدیپوور و لە ناوبراو بدەن.


خەدیجە مەهدیپوور، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١، لە ماڵی مامیدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئیلام گواستراوەیەوە.


ئەو هاووڵاتییە زستانی ساڵی ڕابردووش لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئیلام بە تۆمەتی وەک؛ "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" و هەروەها "بێڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" دادگایی کراوە و بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی، سزای ٢٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.


خەدیجە مەهدیپوور لە ٧ی پووشپەڕی ئەمساڵدا تەنیا بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ مەرەخسیی کورتماوەی بۆ چارەسەری پزیشکیی پێ دراوە. لە ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٠، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراوە و لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئیلام سزای ٣ ملیۆن تمەنی پێ بژاردنی پارە بەسەر ناوبراودا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە