دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

دادگای تاوانەکان لە شاری پیرانشار سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی بەسەر ئومێد ئازادداوەر و سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەر حاسڵ عومەری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٣:١٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢

دادگای تاوانەکان لە شاری پیرانشار سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی بەسەر ئومێد ئازادداوەر و سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەر حاسڵ عومەری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاندووە. ئەو سزایە بە بیانووی بەشداریکردنیان لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییەدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە شاری پیرانشار هاووڵاتییەکی ئەو شارەی بە ناوی ئومێد ئازادداوەر بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و باند بە دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران سزا داوە و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو شارە بە ناوی حاسڵ عومەری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.


ئومێد ئازادداوەر، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە گواستراوەتەوە. ناوبراو دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایکردنەکەی ئازاد کراوە.


هەروەها، حاسڵ عومەری، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە، بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە گواستراوەتەوە. ناوبراویش ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەز بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.


شایانی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوون و دادگاییکردنیاندا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون.


بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تاکوو ئێستا لانی کەم ١٠٤ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و ئێراندا دەستبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە، بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە