دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی حوسێن ئەحمەدی و کازم مام ئیسماعیل کە هاوکات لەگەڵ فریشتە حوسێنی و یوونس مەحموودزادە دۆسیەیەکی هاوبەشیان هەبوو

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٣:٢٦


هەنگاو: چوارشەممە، ٢۶ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی حوسێن ئەحمەدی و کازم مام ئیسماعیل کە هاوکات لەگەڵ فریشتە حوسێنی و یوونس مەحموودزادە دۆسیەیەکی هاوبەشیان هەبوو و ماوەیەک دەستبەسەر کراون؛ سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەک بە ناوی حوسێن ئەحمەدی، بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی هاوکاریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، سزای ٣ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. هەروەها ئەو دادگایە هەر بەو تۆمەتەوە سزای ١ ساڵ بەندکردنی بەسەر کازم مام ئیسماعیل، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاندووە.


بەپێی ڕاپۆرتی پێشووتری هەنگاو لەسەر سزای سەپێندراو بەسەر دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەو دۆسیەیەدا؛ دادگای تاوانەکان لە بۆکان هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی فریشتە حوسێنی، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، بە ٨ مانگ بەندکردن و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی یوونس مەحموودزادە، بە تۆمەتی "هاوکاریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)"، بە ٣ ساڵ بەندکران سزا دابوو.


حوسێن ئەحمەدی و کازم مام ئیسماعیل، هاوکات لەگەڵ یوونس مەحموودزادە، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون، دواتر پاش دوو حەفتە مانەوە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کراون.


هەروەها فریشتە حوسێنی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە و دواتر لە ٢٠ی خەرماناندا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.


شایانی باسە کە ئەو چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانیاندا، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە