تاوانبارناساندن و ناردنی دۆسیەی سێ کەسی خەڵکی شنۆ بۆ دادگا بە تۆمەتی "محارەبە و افساد فی الارض"

خوازەنامەی دۆسیەی دوو برای خەڵکی شنۆ بەناوەکانی فەرهاد تەهازادە تەمەن ٢٤ ساڵ و فەرزاد تەهازادە تەمەن ٢٣ ساڵ، لەگەڵ کاروان شاهی پەروانە کە لەڕەوتی

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:٤٧

 

هەنگاو: یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

تاوانبارناساندن و دۆسیەی دوو برای خەڵکی شنۆ بەناوەکانی فەرهاد تەهازادە تەمەن ٢٤ ساڵ و فەرزاد تەهازادە تەمەن ٢٣ ساڵ، لەگەڵ کاروان شاهی پەروانە کە لەڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە دەستبەسەرکرابوون، دەرکراوە و دۆسییەکانیان بۆ لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە نێردراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تاوانبارکردنی ئەم سێ هاووڵاتییەی خەڵکی شنۆ لە کاتێکدایە، کەم لەم دواییەدا لەلایەن لقی شەشی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی ئورمیەوە تۆمەتی "موحاڕەبە و افساد فی الارض"یان بەسەردا سەپێندرابوو.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە مەسعوود شەمس نژاد و ساڵح نیکبەخت، پارێزەرانی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توانیویانە دەستیان بە دۆسیەی ئەم دوو برایە ڕابگا.

بەپێی یاسایی سزا ئیسلامییەکان، سزای سێدارە زۆر جار بەسەر تۆمەتباران بە موحاڕەبە و افساد فی الارض دەسەپێندرێت.

فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، مانگی ڕەزبەری٢٧٢٢، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری شنۆ دەستبەسەرکرابوون. ئەم دوو برایە دوای تەواو بوونی ماوەی لێپرسینەوە کە لەژێر ئەشکەنجەشدا بوون، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترانەوە.

هەراوەها کاروان شاهی پەروانە، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا ڕفێندرابوو و لە ئێستادا لە بەندیخانە ڕاگیراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم سێ هاووڵاتییە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ئەوان لە ڕۆژانی دەستبەسەرکرانیاندا بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ زۆر بە سەختی ئەشکەنجەی ڕۆحی جەستەیی کراون."


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە