دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی

دوو هاووڵاتی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی جەلال سلێمانی، خوێندکار و مەحموود ئەفراشتە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی سەپاو بەسەریاندا بۆ بەند

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٤٥


هەنگاو: چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دوو هاووڵاتی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی جەلال سلێمانی، خوێندکار و مەحموود ئەفراشتە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی سەپاو بەسەریاندا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٣) جەلال سلێمانی، خوێندکاری بەشی فیزیای زانکۆی تەورێز و مەحموود ئەفراشتە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترانەوە.


جەلال سلێمانی، خەڵکی بۆکان ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە و بە سەرۆکایەتی دادوەر "لەشکری" سزای ٤ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندرا.


هەر لەم ڕاستایەدا، مەحموود ئەفراشتە هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە، سزای ٤ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندرا.


جەلال سلێمانی ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەر لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان ڕفێندرا.


ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکران و هەروەها لە کاتی دادگاییکردنیاندا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێ بەری بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە