دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٢ مامۆستای زمانی کوردی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ (٢١ی فێبری

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٦:٢٥


هەنگاو: سێشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٢) تاکوو ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، لانی کەم ١٢ مامۆستای زمانی کوردی کە بە شێوەی خۆبەخشانە زمانی کوردییان فێری منداڵانی کوردستان دەکرد، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا خەدر محەممەدی، خەڵکی شاری پیرانشار، موژگان کاووسی، لە کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشت، ئومێد سولەیمانی، خەڵکی شاری دیواندەرە، ئازاد عەباسی و سروە ڕەحمانپوور، خەڵکی شاری دێولان و هەروەها ٧ مامۆستای دیکەی زمانی کوردی بە ناوەکانی ئیدریس مینبەری، کەیومەرس لەتیفی، عەلیڕەزا نوسرەتی، سروە پوورمحەممەدی، سۆما پوورمحەممەدی، واران محەممەدنژاد و سەیوان ئیبراهیمی کە هەموویان خەڵکی شاری سنە و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین بوون، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


هەر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ مامۆستای دیکەی زمانی کوردی لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، مەهاباد، بۆکان، بانە، نەغەدە و سەقز لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە، هەم ئەو مامۆستایانە و هەم ناوەند و ئەنجوومەن و ڕێکخراوە فێرکارییەکان بە زمانی کوردی، لەلایەن ناوەند و هێزە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بە چڕوپڕی لەژێر گوشار و چاودێریدا بوون.


مافی زمانی دایک، یەکێک لە بنەماییترین و بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەت لە وڵاتانی فرە نەتەوە، فرە پێکهاتە و فرە زمانیدا. ئامانج لەم مافە ئەوەیە کە کەمینە زمانەنییەکان لە هەلومەرجی ئەو کۆمەڵگەیەدا کە زمانێکی هاوبەشیان نییە، لە جیاتی بەکارهێنان یا سەپاندنی زمانی زۆرینە، بتوانن زمانی دایکی خۆیان بەکار بهێنن، بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا کە بۆ پاراستنی شوناسی کەمینەکان زۆر گرنگە.
گرنگیی مافی زمانی دایک و نەبوونی هەڵاواردن لە جێبەجێبوونی ئەم مافەدا بە ڕوونی لە کۆنڤانسیۆن، جاڕنامە و بەڵگەنامە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ - جیا لە بڕیارنامە، جاڕنامە و بەڵگەنامە ناوچەیییەکان - بۆ نموونە لە ماددەی ٢ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها لە ماددەی ٢٦ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئاماژەی پێ کراوە.


گرنگیی ئەم مافە تەنانەت بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو لە پرۆسەی دادوەریی نێونەتەوەییشدا گونجێندراوە، بۆ نموونە کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان - وەک چاوەدێری جێبەجێکردنی ئەم پەیماننامەیەی مافە مەدەنییەکان - بە مەبەستی بەدواداچوونی سکاڵای هاووڵاتییەکی خەڵکی ئۆزبەکستان بە دژی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند کە مافی خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتییە بۆ پاراستنی کولتووری کەمینەیەک.


مافی خوێندن بە زمانی دایکی کەمینەیەک نەک تەنیا پاراستنی شوناسی بەکۆمەڵی ئەو کەمینە زمانییەیە، بەڵکوو چاوگێکی سەرەکیی ژیان لە گەشەی پەروەردە و فێربوونی زمانەکانی دیکە هەژمار دەکرێت. پێشێلکردنی سیستەماتیکی ئەم مافە و پێداگری لەسەر یەکگرتوویی زمانی، دەبێتە هۆی نەڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هاوکاری و هاوسەنگی لە کۆمەڵگە و پەراوێزخستنی کۆمەڵێکی زۆر و بەرچاوی خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی لە هەلومەرجی وڵاتێکی وەک ئێراندا.


زمانی کوردی هاوکات لەگەڵ کەمینە زمانییەکانی دیکە، هەر لە سەرەتای بنیاتنانی دەوڵەت - نەتەوە و چەمکی نوێی دەوڵەتەوە لە ئێراندا، بەردەوام قوربانیی ڕژێمێکی یەکگرتووی زمانی و نکۆڵی و حاشالێکردن بووە. ئەم سیاسەتە دۆگماتیکە بە پاساوهێنانەوەی جیاییخوازی و جیابوونەوە لە سەردەمی هاتنەسەرکار و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی چڕوپڕتر پەرەی سەندووە کە ناوەند و هێزە سەربازییە حکوومەتییەکان زاڵبوون بەسەر سەرجەم پلان و سیاسەتە پەروەردەیی، کولتووری و دادوەرییە کاندا و هیچ کاتێک ڕێگەیان نەداوە بە مافی زمانی دایکی کەمینەکان و تەنانەت لانی کەم بەپێی مادەی ١٥ی تۆمارکراو لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ئەو مافەیان بۆ کەمینەکان بە ڕەوا نەزانیوە و ڕەچاو نەکردووە.


نکۆڵیکردنی سیستەماتیک لە زمانی کوردی لەلایەن کۆماری ئیسلامیییەوە هەمیشە بەردەوام بووە و لەگەڵ ئەوەشدا ترساندن، تۆقاندن، سیناریۆ سازی و سەپاندنی سزای قورسی دادوەری بەشێک بووەتەوە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ پارێزەران و چالاکوانانی ئەو زمانە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاکوان و مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون و لە هەموو مافەکانی هاووڵاتیبوون بێبەش کراون، دواتریش لەلایەن دادگاکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی قورسیان بەسەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە