زارا محەممەدی بەشێوەیەکی لەناکاو نێردرایەوە ماڵ؛ بەرپرسانی بەندیخانە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ناوبراویان ئازادکرد

زارا محەممەری، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین، بەشێوەیەکی لە ناکاو و بێ هیچ چەشنە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە نا

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:١٠

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

زارا محەممەری، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین، بەشێوەیەکی لە ناکاو و بێ هیچ چەشنە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئازادکرا. ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆییەک ڕایگەیاند کە ئازادکردنی بەشێوازی "بێ ئاگاداری" بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی هەینی، ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٠ی فێبریوەری ٢٠٢٣) زارا محەممەدی، دوای تێپەڕاندنی ٢٠ مانگ لە ماوەی ٥ ساڵ سزای بەندکرانی سەپێندراو بەسەریدا، بەشێوەیەکی لەناکاو و بێ هیچ چەشنە ئاگادارییەکی پێشوەختە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە لە شاری سنە ئازادکرا.

زارا محەممەدی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆییەک لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند: "من بێ هیچ داواکارییەک بە تایبەت داواکاری لێبوردن لە دەستگای دادوەریی چ لەلایەن خۆم یا خود پارێزەرەکەمەوە، بەشێوەیەکی بەپەلە و بەزۆر لە بەندیخانە دەرکرام. پێشتر ڕامگەیاندبوو، کە بەهیچ شێوازێک داخوازی لێبوردن ناکەم چونکە باوەڕم بە ڕاستی ڕێگاکەم هەیە."

ناوبراو لە درێژەدا نووسیویەتی "هەرچۆنێک کە دەستبەسەرکردنم و داسەپاندنی سزا بەدەستی خۆم نەبوو، هاتنە دەرەوەشم بەدەستی خۆم نەبوو." لە بەشێکی دیکەدا نووسیویەتی "لە ماوەی پێنج خولەکدا منیان لە بەندیخانە کردە دەرەوە."

زارامحەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئیسلامی لە شاری سنە بە تۆمەتی "پێکهێنانی گروپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوە بۆ ٥ ساڵ بەندکران کەمکرایەوە.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکران، لەلایەن ئیدارەی جێبەجێکردی سزاکانی دادگای سنە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ژنان لە کانونی چاکسازی و بارهێنانی سنە گواستراوە.

پێشتر، هاوژینی زارا محەممەدی، سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنی خەڵکی کامێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا و هەتا کاتی دارشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ سەیوان ئیبراهیمی لەبەردەستدا نییە و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو بە نادیاری ماوەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە