سزای سێدارەی سەرکەوت ئەحمەدی، چالاکی سیاسیی خەڵکی ڕوانسەر بە نهێنی جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی سەرکەوت ئەحمەدی، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری ڕوانسەر کە ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان بەند کراوە، بە

٣ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٢:٠١


هەنگاو: چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی سەرکەوت ئەحمەدی، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری ڕوانسەر کە ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان بەند کراوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە نهێنی جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی سەرکەوت (ئارش) ئەحمەدی، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری ڕوانسەر، بە نهێنی لە بەندیخانەی "دیزڵ‌ئاوا"ی کرماشان جێبەجێ کرا.

سەرکەوت ئەحمەدی، تەمەن ٢٩ ساڵ، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووتری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە مانگی جەنیوەری ٢٠٢١ی زایینی، لە کاتێکدا وازی لەو حیزبە هێناوە و بە مەبەستی چوون بۆ ئەورووپا ڕێی کەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئورمیە پەڕیوەی باکووری کوردستان دەبوو، لەلایەن هێزە حکوومەییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە کرماشان گواستراوەتەوە.


ناوبراو دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامی هێزەکانی پاراستن (ئینتزامی) بە ناوی حەسەن مەلەکی و بە پلەی "سەرگوردی"، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.


حەسەن مەلەکی، ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧١٨ لەپێش دەرگای ماڵەکەی خۆی و لەلایەن کەسانێکی چەکداری نەناسراو کوژرا و دواتر گرووپی "تێکۆشەرانی ئاڵای سوور" بەرپرسیارەتیی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزانەی کۆماری ئیسلامیی بە ئەستۆ گرت.


شایانی باسە کە چەند ڕۆژ دوای لە کوژرانی ئەو پلەدارەی هێزە حکوومەتییەکان، لانی کەم ١٢ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی سەرکەوت ئەحمەدی، وەک باوک، خوشک و زاوا و... کە ئەو کات سەرکەوت لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان بوو، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ڕوانسەر دەستبەسەر کران.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە