سیامەک داودی خەڵکی سنە، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

سیامەک داودی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "دۆڵاو" سەر بە شاری سنە کە پێشتر ماوەی ٨٠ ڕۆژی لە دەستبەسەرگە و لە ژێر ئەشکەنجەدا تێپەڕاندبوو، لەلایەن دەزگای دادی ئێر

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٢:٣٩


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سیامەک داودی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "دۆڵاو" سەر بە شاری سنە کە پێشتر ماوەی ٨٠ ڕۆژی لە دەستبەسەرگە و لە ژێر ئەشکەنجەدا تێپەڕاندبوو، لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سیامەک داودی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی ناوخۆییی" لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەیدی سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


بڕیاری دادگا، ڕۆژی شەممە یەکی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بەشێوەیەکی فەرمی بەم هاووڵاتییە ڕاگەیێندراوە.


ناوبراو لە هەمان ڕۆژی ڕاگەیاندنی سزاکەی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگایی بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی سنە ئازادکراوە.


سیامەک داودی ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە شوێنی کارەکەی خۆی (سەرتاشخانە) لە شەقامی "سیروس" لە شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراو و دوای تەواو بوونی لێپرسینەوە ناوبراو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوە.


ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی لێپرسینەوەدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و لە هەموو ماوەی دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەیدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافە سەرەتایییەکانی دیکەی هەر بەندکراوێک لەوانە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێ بەری بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە