سێ لاوی خەڵکی جوانڕۆ کە یەکیان تەمەنی ژێر ١٨ ساڵە سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپاوە

دوو لاوی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی پارسا کەریمی و کیانووش ئەعزەمی و هەروەها مێرمنداڵێکی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بە ناوی ئەرشیا بەرزین، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆمار

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:١١


هەنگاو: ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دوو لاوی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی پارسا کەریمی و کیانووش ئەعزەمی و هەروەها مێرمنداڵێکی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بە ناوی ئەرشیا بەرزین، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەرشیا بەرزین، تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە سزای ٣ ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریدا سەپاوە.


هەروەها ئەو دادگایە سزای ساڵێک بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر پارسا کەریمی و ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر کیانووش ئەعزەمی، دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارەدا سەپاندووە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.


ئەو سێ لاوە کوردە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیان، ئازاد کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە