سەرپێڵی زەهاو؛ تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک

بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، موحسین حوسێنی، خەڵکی گوندی "قەڵاواری" سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، گیانی لەدەست دا.

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١١:١٢


هەنگاو: دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، موحسین حوسێنی، خەڵکی گوندی "قەڵاواری" سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣) موحسین حوسێنی، تەمەن ٣٤ ساڵ بەهۆی تەقینەوە نارنجۆک لە ماڵەکەی گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موحسین حوسێنی ئەم نارنجۆکەی لە یەکێک لە ناوچە خاوێن نەکراوەکانی کاتی شەڕی ئێران و عێراق دۆزیوەتەوە و بۆ ماڵەوەی بردووەتەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە تەرمی ئەم هاووڵاتییە بۆ پزیشکی داد نێردراوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە ساڵانە لە سەرپێڵی زەهاو و شارە سنوورییەکانی دیکە، بەهۆی تەقینەوەی مین، نارنجۆک و گولە خومپارەی بەجێماوی کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، بەدەیان هاووڵاتی دەبنە قوربانی.

هەر لەم ڕاستایەدا، بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٢ لانی کەم ٣٦ هاووڵاتی لە سنوورەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕ بوونەتە قوربانی کە شەش کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە