سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار

عەبدولڕەحمان محەممەدی‌ئەرشەد ناسراو بە دکتۆر و حاسڵ قەدۆ، خەڵکی شاری پیرانشار، لە کاتێکدا بە تازەیی و پاش نزیک بە ٤ مانگ دەستبەسەربوون بە شێوەی مەرجدار ئازاد ک

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢١:٣٤

 

هەنگاو: شەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

عەبدولڕەحمان محەممەدی‌ئەرشەد ناسراو بە دکتۆر و حاسڵ قەدۆ، خەڵکی شاری پیرانشار، لە کاتێکدا بە تازەیی و پاش نزیک بە ٤ مانگ دەستبەسەربوون بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراون؛ لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەو شارە سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەک بە ناوی عەبدولڕەحمان محەممەدی‌ئەرشەد ناسراو بە دکتۆر لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی "ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی"، سزی ١٨ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە، هەروەها حاسڵ قەدۆ هەر بەو تۆمەتە سزای ٤ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

لەم پێوەندییەدا سەرچاوەکانی هەنگاو لە پیرانشار ڕایانگەیاندووە: "جیا لە دۆسیەی شاری پیرانشار کە بڕیاری لەسەر دراوە و سزایان بۆ بڕاوەتەوە، ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامێکیان دۆسیەیەکی دیکەیان لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد و بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکان" کراوەیە و هێشتا سزا نەدراون.

عەبدولڕەحمان محەممەدی‌ئەرشەد و حاسڵ قەدۆ، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی شاری پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، پاش ٤ مانگ و نیم دەستبەسەربوون، هەر کامێکیان بە دانانی بارمتەی ٣ میلیاردی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری نەغەدە ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون و پاش تێپەڕکردنی ماوەیەک دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ناوەندە حکوومەتییە جێگیرکراوەکان لە ئورمیە، بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە گواستراونەتەوە.

 ئەو دوو کەسە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری و بێبەش کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە