سەپاندنی سزای بەندکردن، قەدەغەبوونی سەردانکردن بۆ زێدی خۆی و قەدەغەبوونی سەرفرکردن بۆ دەرەوەی بەسەر یەزدان عارفی نیا، خەڵکی ئاودانان

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئاودانان بە ناوی یەزدان عارفی نیا (ئایەت) و دانیشتووی شاری تاران و بەڕێوەبەری دامەزراوەی یاساییی "هەنارەس"، لەلایە

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١١:٣٥


هەنگاو: چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئاودانان بە ناوی یەزدان عارفی نیا (ئایەت) و دانیشتووی شاری تاران و بەڕێوەبەری دامەزراوەی یاساییی "هەنارەس"، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئیلام سزای دوو جار بەندکردن، بێبەریکردن لە چوونەوە بۆ زێدی خۆی و هەروەها قەدەغەبوونی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی ئێران بەسەریدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ یەزدان عارفی نیا، چالاکی مەدەنی و یاساناس، لە کاتێکدا کە سێیەمین مانگی دەستبەسەرکردنەکەی تێپەڕ دەکات، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئیلام بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و باند بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ۶ ساڵ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی و پڕوپاگەندا بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژی بەسەردا سەپاوە.


بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە کۆی سەپاندنی ئەو سزای ۶ ساڵ بەندکردنە، ٣ ساڵی جێبەجێ دەکرێت.


هەروەها ئەو چالاکە مەدەنییە سزای دوو ساڵ بێبەریکردن لە سەردان بۆ شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، دوو ساڵ قەدەغەبوونی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی ئێران و هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی پاسپۆرتەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەریدا سەپاوە.


ئەو هاووڵاتییە جیا لەوەی کە لە بوارەکانی مەدەنی، کولتووری و یاسایی چالاکی دەکات، بەڕێوەبەری کەناڵی "ئاودانان لە تێپەڕبوونی کاتدا" (آبدانان در گذر زمان) بووە و لە هەوڵە خێرخوازانەکانیشدا ڕۆڵی هەبووە.


ناوبراو پێش لە دەستبەسەربوونی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە، زیاتر لە ٢٠٠٠ واژۆی بۆ ئازادیی دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییانەی ئاودانان کۆ کردووەتەوە.


یەزدان عارفی نیا، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شاری تاران ڕفێندراوە و پاشان بۆ دەستبەسەرگە گواستراوەتەوە. ناوبراو تا هەنووکە بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە