سەپاندنی سزای ۶ ساڵ بەندکردن بەسەر هونەرمەند خەبات فەدایی

خەبات فەدایی، هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، کە پێشتر لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی شاری تاران دەستبەسەر کرابوو و دوات

٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٠٩:٠٨


هەنگاو؛ شەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

خەبات فەدایی، هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، کە پێشتر لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی شاری تاران دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لەلایەن دادگای شۆڕشی وەرامین سزای ۶ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد و خەڵکی شاری سنە کە دانیشتووی شاری تارانە، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری وەرامین بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەشکان ڕامش"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای یەک ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "ئەندامەتی گرووپ و دەستە بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتی ئێران" سزای پێنج ساڵ، واتە سەرجەم سزای شەش ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.


بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا کە بەسەر ئەو هونەرمەندە کوردەدا سەپێندراوە، واتە پێنج ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت. ئەو سزایە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.


شایانی باسە کە مۆبایلی تاکەکەسیی ئەو هاووڵاتییە و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی دیکە و بەتایبەت کتێبەکانی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.


پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە هەژماری بانکیی ئەو هونەرمەندە کوردە بە بڕیاری ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەستراوە.


خەبات فەدایی، ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شاری تاران ڕفێندراوە. ناوبراو پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەلایەن ئەو هێزانە، بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.


ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کۆتاییدا ڕۆژی دووشمە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە دانانی بارمتە و تا کۆتاییی ڕەوتی دادگاییکردنەکەی، بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە ناوەندە حکوومەتییەکان و لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافە سەرەتایییەکانی بەندکراوان، بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە