سەپاندنی سزای ١٧ مانگ بەندکردن بەسەر مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەنووسی کورد

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان کە زیاتر لە ۵ مانگ پێش دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان سەرج

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:٣٤


هەنگاو: یەکشەممە، ١۶ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان کە زیاتر لە ۵ مانگ پێش دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان سەرجەم سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندای نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ٩ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی "ئاڵۆزی و ئاژاوەگێڕی لە کۆمەڵگەدا" سزای ٨ بەندکردن بەسەر ناوبراودا سەپاوە.


شیاوی ئاماژەپیدانە کە دانیشتنی دادگای تایبەت بە دۆسیەی ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی بۆکان بەڕێوە چوو. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٩ مانگ بەندکرانی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.


هەنگاو پێشتر بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی ڕاگەیاند: پارێزەری مەسعوود کوردپوور لە ماوەی دەستەسەربوونی ناوبراودا چەندین جار داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو بەندکراوەدا کردووە و دەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەت ئەو داوایەیان ڕەت کردووەتەوە و مەجالی چاوپێکەوتنیان نەداوە.


مەسعوود کوردپوور، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە، پاشان بۆ بەندیخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە و تا هەنووکەش لەو بەندیخانەدایە.


ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٨، کە ئەو دەم مامۆستای قوتابخانەکانی شاری بۆکان بوو، لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتنی سەرپێچیکردن لە یاسای کاریی ئەو بەڕێوەبەرییە، لە کارەکەی دەرکرا.


ناوبراو ڕۆژنامەنووسێکی پڕ ئەزموونی کوردستان و خاوەن ڕابردوویە کە پێشتریش چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە