عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لە سەقز ڕفێندرا

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٥:٠٨


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٨ی فێبریوەری ٢٠٢٣) هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی عوسمان ئیسماعیلی، لە شەقامی "شەهیدان"ی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەوالە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەی ئیسماعیلی لەسەر چارەنووسی ناوبراو هیچ ئاکامێکی نەبووە.


ئەو چالاکە کرێکارییە ناسراوەی خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی شەممە، ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە جارێکی دیکە ڕفێندراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە گواستراوەتەوە.


عوسمان ئیسماعیلی، لە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بانەمەڕ بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سەقز ئازاد کراوە.


ناوبراو یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوی خەڵکی شاری سەقزە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەند و هێزە حکوومەتییەکانی بانگکراوە و دەستبەسەر کراوە و ڕفێندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە