عیرفان کەهزاد، بەندکراوی خەڵکی بیجاڕ کەوتە بەر لێبوردن و ئازاد کرا

عیرفان کەهزاد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیجاڕ کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەج سزای بەندکردنی بەسەر سەپابوو؛ پاش تێپەڕکردنی ١٣۵ڕۆژ دەستبەسەر

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٣:٤٣


هەنگاو: سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


عیرفان کەهزاد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بیجاڕ کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەج سزای بەندکردنی بەسەر سەپابوو؛ پاش تێپەڕکردنی ١٣۵ڕۆژ دەستبەسەربوون و بەندکردن، کەفتە بەر لێبوردن و ئازاد کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عیرفان کەهزاد، خەڵکی شاری بیجاڕ و دانیشتووی شاری کەرەج؛ پاش ئەوەی کە کەوتە بەر لێبوردن، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.


ئەو هاووڵاتییە لە سەرەتاکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ و لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئاسف حوسێنی"، بە چەندین تۆمەت؛ "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، "هاوکاریی دەوڵەتە بیانییەکان" و هەورەها "هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان"، سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.


ئەو سزایەی ناوبراو لە درێژەی ڕەوتی دادگاییکردنەکەیدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تاوانەکان، بۆ یەک ساڵ بەندکردن کەم کرایەوە.


عیرفان کەهزاد، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی "پەردیس"ی کەرەج و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزکردن ڕفێندراوە و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ناوەند حکوومەتییەکان گواستراوەتەوە.


ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە پێش دەستبەسەربوونی لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی کەرەج بە سەختی بریندار کرابوو، ماوەی مانگێک لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە.


عیرفان کەهزاد لە ماوەی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە و هەروەها ١٣۵ڕۆژ بەندکرانیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە