لوقمان ڕەحمانی، فەرمانبەری شارەوانیی کامێران لە کارەکەی دەرکرا و سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپاوە

لوقمان ڕەحمانی، خەڵکی شاری کامێران پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە کارەکەی دەرکراوە و هەروەها لەلایەن دەزگای دادی کۆماری

١٥ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٣٢


هەنگاو: شەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

لوقمان ڕەحمانی، خەڵکی شاری کامێران پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە کارەکەی دەرکراوە و هەروەها لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کامێران بە ناوی لوقمان ڕەحمانی، تەمەن ٣٥ ساڵ و فەرمانبەری بەڕێوەبەریی شارەوانیی ئەو شارە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە لە کارەکەی دەرکراوە و سزای ٦ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر ناوبراودا سەپاوە.


ئەو سزایە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان" بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە و لەم دوایییانەدا پێی ڕاگەیەندراوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو لە کامێران، ئەو هاووڵاتییە نەخۆشیی شەکرەی هەیە و دۆخی تەندروستیی جێگیر نییە.


لوقمان ڕەحمانی، لە حەفتەی کۆتاییی مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی شاری کامێران، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و پاش تێپەڕکردنی ماوەیەک بەندکردن لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.


ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەلایەن ئەو ناوەند حکوومەتییانەوە، سەرەڕای گوشارەکانی ئەو ناوەندانە بۆ سەر ئەو هاووڵاتییە، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە