ناسکێ ئیسماعیلی، بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە ئازاد کرا

ناسکێ ئیسماعیلی، بەندکراوی خەڵکی شاری سەردەشت پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ١٣ مانگ لە سزای بەندکرانەکەی، بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە ئازاد کرا.

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢٠:٥١


هەنگاو: هەینی، ٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

ناسکێ ئیسماعیلی، بەندکراوی خەڵکی شاری سەردەشت پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ١٣ مانگ لە سزای بەندکرانەکەی، بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، ناسکێ ئیسماعیلی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەرەدشت، سەرەڕای ئەوەی کە ٦ مانگ لە ماوەی سزای بەندکردنەکەی مابوو، بەپێبەندی ئەلیکترۆنییەوە ئازاد کرا.

ئەو بەندکراوە لە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو سزایە لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە "داعش" بەسەریدا سەپێندراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ناسکێ ئیسماعیلی زستانی ساڵی ڕابردوو (سەرەتای ژانویەی ٢٠٢٢) دوای ئەوەی لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

جێگای باسە کە، هاوژینی ناسکێ ئیسماعیلی ٦ ساڵ پێش بە بیانووی چوون بۆ ئەورووپا ناوبراوی بردووەتە سووریا و پەیوەست بوون بە ڕێکخراوی داعش. ناسکە دوای ١٤ مانگ توانیویەتی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵبێت و خۆی ڕادەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بکات. ناوبراو دواجار دوای زیاتر لە ٤ ساڵ مانەوە لە کەمپی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک زستانی ڕابردوو گەڕاوەتەوە ئێران و خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی کە پێشتر دەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە کاتی دەستبەسەرکران ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەروونی و جەستەیی ناسکێ یان داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە