ناڕوونیی دۆسیەی پەرهام پەروەری، کە بە تۆمەتی "موحارەبە" لە بەندیخانەدایە

هاووڵاتییەک بە ناوی پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە

٢٧ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:١٤


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەک بە ناوی پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە "موحارەبە" تۆمەتبار کراوە؛ پێنج مانگە دەستبەسەرە و دۆسیەکەی هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەڕێوەچوونی دادگای پەرهام پەروەری، سەرەڕای ئەوەی کە پێنجەمین مانگی دەستبەسەربوونەکەی تێپەڕ کردووە، هەڵپسێردراوە و دۆسیەی ناوبراو ناڕوونە و لە بەندیخانەی "فەشافوویە" دەستبەسەرە.


پەرهام پەروەری، تەمەن ٢۵ ساڵ و کوڕی موزەفەر، ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن دادسەرای "ئێڤین" بە "موحارەبە" تۆمەتبار کراوە.


ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا لە شوێنی کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی، لەنێو ئاپۆرای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانەی لێدان و بێڕێزی پێکراوە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


ئەو لاوە کورد کە لە بواری وەرزشی مەلەکردن چەندین جار لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا چەندین پلەی باشی بەدەست هێناوە و هاوکات ڕاهێنەری وەرزشی مەلەکردنیشە، وەکوو ئەندازیار لە کومپانیا (شرکت) ئەندازیارییە جێگیرکراوەکان لە شاری تاران سەرقاڵی کارکردن بووە.


موحارەبە لە یاسای سزاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە نموونەی قورسترین تاوانەکان هەژمار دەکرێت و سزای دڕندانە، نامرۆڤانە و دزێوی هاوشێوەی بیبەریکردن و لێ‌ئەستاندنەوەی مافی ژیان لە بەرچاو گیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە