هێرشی چەکدارانەی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی یووسف نەزەری، چالاکی سیاسیی خەڵکی ئاودانان

هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئاودانان هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر ماڵی پەژار مەلەکی، چالاکانی ناسراوی ئەو شارە، هێرشیان کردووەتە س

١٤ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٥:٢٣


هەنگاو: هەینی، ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئاودانان هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر ماڵی پەژار مەلەکی، چالاکانی ناسراوی ئەو شارە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی یووسف (شۆڕش) نەزەری، یەکێکی دیکە لە چالاکانی سیاسیی ناسراوی خەڵکی ئەو شارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئاودانان، هێرشی چەکدارانەیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی یووسف نەزەری، چالاکی سیاسیی ناسراوی خەڵکی ئەو شارە و ئەمەش دۆخێکی تۆقێنەر و ناخۆشی بۆ ئەو بنەماڵەیە هێناوەتە ئاراوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری ئاودانان بە هەنگاوی ڕاگەیاند؛ ئەو هێزانە دەستڕێژیی گوللەیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵەیە و پێشتریش هەر ئەو بنەماڵەیە بەردەوام لەژێر گوشار وە هەڕەشەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بوون. موراد عەلی نەزەری، باوکی یووسف نەزەری کە تەمەن ٧٨ ساڵە و نەخۆشیی دڵی هەیە، هەروەها برایەکی ناوبراو کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، تووشی شۆکی عەسەبی بوون.


هاوکات وێڕای ئەو هێرشە چەکدارانەیە بۆ سەر بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی چالاکێکی دیکەی سیاسیی ناسراوی ئەو شارە بە ناوی پەژار مەلەکی کە بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە برایەکی ناوبراو بە ناوی ئەمین مەلەکی بریندار بووە.


هەروەها بەهۆی گازی فرمێسکڕێژی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەندامانی بنەماڵەی پەژار مەلەکی تووشی کێشەی هەناسەکێشان بوون.


پەژار مەلەکی و یووسف نەزەری، هەنووکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لەم دوایییانەدا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی ڕفاندن و تیرۆرکردن لێیان کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە